مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەتەوە جینۆسایدکراوەکان دەکات لە هەنگاریا

لە دوای بانگهێشتی فەرمی زانکۆی پاسمانی پیتەر کاتۆلیکی هەنگاری بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (نەتەوە جینۆسایدکراوەکان) کە لەڕۆژانی (19-21/4/2017) لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەچوو، مامۆستا ئاوارە حسێن مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە بە وتارێکی یاسایی (20) خولەکی بەناونیشانی (جینۆسایدی کورد و هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان) بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد.

 

لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر مێژووی دابەشکردن، داگیرکردن، جینۆساید و ئازاری کورد لەهەر چوار بەشی کوردستان و وتی گەرچی هەرچوار دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیا وسوریا ئەندامی ڕێککەتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکانن بەڵام لە دژی کورد جینۆسایدیان ئەنجامداوەو ڕێکخراوەکەش بێهەڵوێست بووە.

 

بە قوڵی ڕەخنەی ئاراستەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لەساڵی 1988 کە قوڵایی جینۆسایدی کورد بووە ئەو ڕێکخراوە بێدەنگ بووە و لەبری هەڵوەشاندنەوەشی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەو ساڵە درا بە هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەرکی یاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی پێکبهێنایا بۆ دادگایکردنی سەدام و سەرانی ڕژێمەکەی، بەڵام ئەرکەکەی بەجێنەگەیاند. بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵانی دواتردا دوو دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ یوگۆسلاڤیای پێشوو ڕواندا پێکهێنا. تەنانەت بۆ تیرۆری ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیری لوبنان و 22 کەسی تر دادگایەکی تایبەتی پێکهێنا.

 

بەڵام بۆ جینۆسایدی کورد بێدەنگی هەڵبژارد و هەڵبژاردووە. مامۆستا ئاوارە بەدرێژی باسی جینۆسایدی هەڵەبجەو چەکە کیمیاییە بەکارهاتووەکان و کاریگەری چەکەکانی کرد لەسەر هاووڵاتیانی شارەکە. لە کۆنفرانسەکەدا لەسەر ئاستی کوردستان جگە لە مامۆستا ئاوارە، هەردوو سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ئەربیلی نێودەوڵەتی و چەند مامۆستایەکی زانکۆکانی سەلاحەدین و ئەربیلی نێودەوڵەتی و نەورۆز ئامادەبوون. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەندین مامۆستاو توێژەری نەتەوەو گروپە جینۆسایدکراوەکان لە دەوڵەتانی هەنگاریا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، ئوستورالیا، ئەرمینیا، ڕوسیا و وڵاتانی عەرەبی... هتد. بەشداربوون.

 

لەکۆتایدا داوای لە ئامادەبووان کرد کە هەوڵبدەن و فشاربکەن بۆ ئەوەی لەپەڕلەمانەکانیاندا جینۆسایدی کورد بە یاسا بناسێنن. مامۆستا لە کۆتایی وتارەکەیدا هیوای خواست کە هەموان کاربکەن بۆ بنیادنانی داهاتویەکی خاڵی لەڕق و جینۆساید و چەکی کیمیایی، و لێوانلێو لە ئاشتی و خۆشەویستی و هەقیقەت و لە ئامێزگرتنی یەکدی وەک مرۆڤ و برا.

به‌روار : 2017-04-21 كات :21:02 بینراو : 911

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it