لە (١٥/٨)وە داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسیستمى راستەوخۆى زانکۆیى دەستپێدەکات

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەنێت، بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەى تازەیى بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوە ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشت و، مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەرێمى کوردستان دەرکرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى ساڵى ڕابردو بەسەرکەوتوى توانرا سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زیاتر لە (١٠٠) بەشى زانستى جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیارى فراوانکردنى ئەو سیستمەى دا و، بۆ ئەمساڵى خوێندن (٣٧٧) بەشى زانستى بەسیستمى وەرگرتنى راستەخۆى زانکۆیى خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى،بەشى یاسا، بەشەکانى زیندەوەرزانى و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانى زانست، بەشى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژ و سکوڵەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانى پێشو لە ڕێگەى (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتى کارابونى ڕادەگەیەنرێت.

وتەبێژى خوێندنى باڵا وتیشى: لەوەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ڕێژەى (٣٠%)ى کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەى بەش یان کۆلێژە دەبێت و، ڕێژەى (٧٠%)ى کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى هەژمار دەکرێت، ئەوەشى ڕاگەیاند: کەمترین کۆنمرەى پێشبڕکێ بۆ کۆلێژ (٦٥%) و، بۆ پەیمانگە (٦٠%)، لەهەمان کاتدا بۆ بەشەکانى هونەر و وەرزش خوێندکاران بەکۆنمرەى (٦٠%) دەتوانن بچنە پێشبڕکێى وەرگرتن.

هەر لەو لێداوانەیدا عەباس ئەکرەم جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەو خوێندکارەى کە بە سیستمى ڕاستەوخۆیى زانکۆیى وەردەگیرێت دواتر ناتوانێت دابەزین و گواستنەوە ئەنجام بدات، چونکە لەسەر بنەماى ئارەزو و لێهاتویى و تاقیکردنەوە وەردەگیرێت.

لە بەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد داواکارى ڕاستەخۆ لە تۆمارى کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و، خوێندکاران دەتوانن لە ڕێکەوتى  ( ١٥/٨/٢٠١٧)ەوە سەردانى ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزوى دەکەن، وتیشى لەیەک کاتدا دەتوانن داواکارى بۆ سێ بەشى جیا پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەى کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولى دوەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بهێنن، وتیشى لە هەمو زانکۆکان ئامادەکارى تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، هەروەک ئاگادارى خوێندکارانیش دەکات، کاتێک کە سەردانى تۆمارى کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستهێنانى فۆرم دەبێ ژمارەى ئەزمونى و ئەنجامى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆمارى زانکۆ وە پۆلینى داواکارییەکان بەپێى مەرجەکان بکرێت.

عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند: تاقیکردنەوە بۆ وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە ڕیکەوتى (١٦/٩/٢٠١٧ تاکو ٢١/٩/٢٠١٧) لەلایەن لێژنەى زانستى بەشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەکانیش بەشێوەى بەرایى لە ڕێکەوتى (٢٤/٩/٢٠١٧) بڵاودەکرێتەوە و، ماوەى هەفتەیەکیش بۆ تانە لێدان لەئەنجامەکان دانراوە، وتیشى هەر خوێندکارێک ئەگەر بەسیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى وەربگیرێت مافى پێشکەشکردنى لەڕێگەى (زانکۆلاین) نابێت.

لە کۆتایشدا، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە لە مەرج و ڕینماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانى وەرگرتن و کۆنمرەى پێشکەشکردن و وەرگرتنى دەرچووانى ئامادەییە پیشەییەکان و پەیمانگەکان و خوێندنى ئێواران و پارالێل و شێواز و نمرەو مەرجەکانى پێشکەشکردنى تیادا خراوەتەڕو، بۆ ئەم مەبەستەش لەوێبسایتى رەسمى وەزارەتەکەماندا تەواوى مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن و لیستى ناوى بەشەکانى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى بڵاوکراوەتەوە.

مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٧-٢٠١٨

به‌روار : 2017-08-12 كات :13:02 بینراو : 620

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it