زانکۆى هەڵەبجە وێرکشۆپێک لەسەر خوێندن لە تورکیا سازدەکات

ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتى (١٤\٨\٢٠١٧) بە ئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆو ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران ، سەنتەرى زمانى زانکۆى هەڵەبجە هەستا بە ئەنجامدانى وێرکشۆپێک بە میواندارى بەڕێز مامۆستا (هەڵگورد نەزام محمد) هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر لە بوارى پزیشکى بایلۆجى لە زانکۆى یوزونجویل لەسەر (خوێند لە وڵاتى تورکیا)

سەرەتا هەریەک لە بەڕێزان (دکتۆر ئاراس مصطفى احمد) سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بەوەکالەت و مامۆستا (هیدایەت احمد) بەڕێوەبەرى سەنتەرى زمان وتەیەکى کورتیان پێشکەش کردو سوپاسى بەرێز مامۆستا (هەڵگورد)یان کرد بۆ ئەنجامدانى وێرکشۆپەکەو بایەخ و گرنکى خوێندنیان لە دەرەوەى وڵات بە کورتى باس کرد.

دواتر مامۆستا هەڵگورد ئەزمونى خوێندنى خۆى بۆ ئامادەبووان باس کردو گرنگى لە خوێندن لە تورکیا روون کردووە وەک بەدەستهێنانى شەهادەى نێودەوڵەتى و گەشت کردن بۆ دەرەوەى وڵات و ئاشنابوون بە کلتورێکى دیکەو دورست کردنى پردى پەیوەندى نێوان زانکۆى خوێندکارو زانکۆى وەرگر.

دواتر باسى لەوەکرد کە بۆچى وڵاتى تورکیا باشترین هەڵبرژادەیە بۆ درێژەدان بەخوێندن وەک نزیکى وڵاتەکەو لێکچونى کلتورو هەبوونى پەیوەندیەکى باشى ئابورى و پەروەردەیی و سیاسی لەنێوان حکومەتى تورکیاو حکومەتى هەرێمى کوردستان.

پاشان بەرێزیان ئاستەکانى خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆراو بوارەکانى خوێندن وەک پزیشکى و ددانسازى و تیشکزانى و بایلۆجى گەردیلەیى و پەرستارى و ئەندازیارى بە هەموو جۆرەکانیەوەو زانستى کۆمپیوتەرو هەروەها ماوەو کرێى خوێندن و کرێى مانەوەو خەرجى هاتووچۆ بیمەى تەندروستى و پێویستى زمانى تورکى و چەندین بابەتى بەوردى روون کردەوە.

دواتر باسى لە زەمالەى حکومەتى تورکیاو پرۆگرامى مەولاناکردو ئاماژەى بەوەکرد کە هەریەک لەو دوانە دەرفەتێکى باشن بۆ خوێندکارانى کوردستان بۆ درێژەپێدانى خوێندنیان لە تورکیاو گرنگى ئامادەکردنى پێداویسیتەکانى پێشوەخت بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.

لە کۆتایدا بە پارچە ڤیدیۆیەک زانکۆى یوزونجویل کە دەکەوێتە شارى (وان)ەوە نیشاندا کە یەکێکە لەو زانکۆیانەى یاداشتنامەى لێکتێگەشتنى لەگەڵ زانکۆى هەڵەبجە هەیەو باشى ئاست و هەبوونى بوارى زۆرى خوێندن ناوچەى گەشیتارى نزیکى دەرچایەى وان  هەبوونى کەش و هەوایەکى پاک بۆ خوێندن لەو زانکۆیەدا بە کورتى باس کرد.

مامۆستا هەڵگورد سوپاسى هەرەیەکە لە سەرۆکى زانکۆى بەرێوەبەرى سەنتەرى زمان و بەرێوەبەرى پەیوەندیە ئەکادیمیەکانى زانکۆى هەڵەبجەى کرد لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستى وێرکشۆپەکەدا.

ڕاپۆرت و فۆتۆ: ڕاستى ئەیوب

به‌روار : 2017-08-14 كات :20:53 بینراو : 996

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it