زانكۆى هەڵەبجە پێشوازى لە پارێزگـاى هەڵەبجە دەکات

ڕاگـەیاندنى زانکۆى هەڵەبجە

بە مەبەستى هەماهەنگى و پیرۆزبایی لە گۆڕانکاریەکانى زانکۆى هەڵەبجە و ستافى نوێ ، پـارێزگار و جێـگرى پارێزگارى هەڵەبجە سەردانى زانکۆى هەڵەبجە دەکەن.

ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى ١٢\٩\٢٠١٧ هەریەک بەرێزان (على عـوسمان على) پارێزگارى هەڵـەبجە و (کـاوە على کریم) جێگرى پارێزگار ، سەردانى سەرۆکایەتى زانکۆى هـەڵـەبجەیان کرد و لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان (د. ئاراس مصطفى احمد) سەرۆکى زانکۆ بەوەکالەت و (د. هەڤاڵ خورشید ڕەفیق) ی. سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ  و بەرپرسی پەیوەندیەکانى زانکۆ بە گەرمى پێشوازى لێکرا.

 باس لە هەماهەنگى نێوان زانکۆ و پارێزگا کرا.

پاش بەخێرهێنانى وەفدى پارێزگا لە لایەن بەڕێزان سەرۆک و ستافى زانکۆوە ، پارێزگارى هەڵـەبجە پیرۆزبایی ئاڕاستەى زانکۆى هەڵەبجە و ستافە نوێیەکەى کرد بە بۆنەى ئەو گۆڕانکاریە ئیداریانەى کە ئەنجامیان داون و بونە مایەى فراوانتربونى زانکۆ. دواتر ئاماژەى بەوە کرد کە زانکۆى هەڵەبجە یەکێکە لە پرۆژە زانستیە مەزنەکانى بەرهەمى خوێنى شەهیدان و ناوى گەورەى هەڵەبجە و گەورەترین ناوەندى ڕۆشنبیرى ئەم شارەیە ، پێوستە بە هەوڵى ستافى دڵسۆزى زانکۆ و ستافى ئیدارەى هەڵەبجە ئەم زانکۆیە ببێتە پردی پەیوەندى لە نێوان بەشە ئیداری و بەڕێوەبەرایەتیەکانى پارێزگاى هەڵەبجە و ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیەکان و وڵاتانى دونیا ،  تا ببێتە مایەى گەشەسەندن و خزمەتى زیاتر بە شارى هەڵەبجە و ڕەوتى زانست لە ناوچەکە ، وتیشی کە لە ماوەى ڕابردودا پارێزگاى هەڵـەبجە بە پێی پێویست هاوکارى زانکۆى کردوە و بەردەوامیی هاوکارى و هەماهەنگیەکانى دوپات کـردەوە.

دواتر بەڕێز (د. ئاراس مصطفی احمد) پاش دوبارە بەخێرهێنانى وەفدى میوان و سوپاسی ئەو سەردانەیان بۆ زانکۆى هەڵەبجە، تیشکى خستە سەر هەماهەنگی و پەیوەندیەکانى ماوەى ڕابردووى نێوان زانکۆ و پارێزگاى هەڵەبجە ، و وابەستە بونى زانکۆى بە  هاوهەڵوێست بوون و پتەوترکردنى پەیوەندیەکان دوپات کردەوە ، و  لە بەشێکى وتەکانیدا ئاماژەى بە کار و چالاکیەکانى ماوەى ڕابردووى زانکۆ و سیستەمى وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ئەمساڵى خوێندن و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانى  زانکۆ کردەوە ، و کەم و کورتى و گرفتەکانى بەردەم پرۆسەى خوێندن و نیشتەجێکردنى خوێندکاران بۆ ئەمساڵى خوێندن و داوا و میکانیزمى چارەسەرکردنى گرفتەکانى بۆ ئامادەبوان ڕون کردەوە. دروست کردنى کۆمیتەى هاوبەش لە بوارى ڕاگەیاندن و پەیوەندی و نوێنەرایەتى نێوان زانکۆ و پارێزگا بڕیارى لەسەر درا.

تاوتوێی کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە کرا

بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە تایبەت کرا بە چۆنیەتى و گرفتەکانى  کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە لەماوەى ئایندەدا ، بەڕێز پارێزگارى هەڵەبجە باسی لە هەبونى کێشەى تەندروستى لە پارێزگاى هەڵەبجەدا کردەوە و کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە بە ڕێگا چارەیەکى گرنگ بۆ چارەکردنى ئەو گرفتە زانى ، و بەڵێنى دابین کردنى نەخۆشخانەى فێرکارى و بینا و پێویستیەکانى دا ، و سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە وێراى ئاماژەدان بە هەوڵەکانى بۆ بەردەوام فراوان کردنى زانکۆ، ئاماژەشیان بە هەوڵەکانی ستافى بەڕێوەبەرایەتى زانکۆ بۆ کردنەوەى بەشە پێشکەوتوەکانى وەک بەشی پزیشکى و ئەندازیارى دا و ئامادەیی زانکۆ و بەڵینى کارکردن بۆ کردنەوەى ئەو بەشە لە ماوەى ئایندەدا درا.

 چەند بەشێکى زانکۆیان بەسەر کردەوە

دواتر وەفدى میوان سەردانى کتێبخانەى ناوەندى زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندیە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکان و بەڕیوەبەرایەتى سەنتەرى بەکارخستنى زانکۆ و چەند بەشێکى دیکەى زانکۆیان پێکرا لەنزیکەوە چاویان بە گۆڕانگاریەکان و پێشکەوتنەکانى زانکۆى هەڵەبجە لە ڕوى هۆڵ و پێداویستیەکان و سەنتەرەکانەوە کەوت.

لە کۆتاییدا بەڕێزەوە بەڕێکران.

 

به‌روار : 2017-09-12 كات :20:13 بینراو : 700

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it