بە چاودێری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی زانکۆی هەڵەبجە ئاهەنگی خولى ئاشتى و پێکەوەژیان ئەنجام دەدات

ئاهەنگى خولى ئاشتى و پێکەوەژیان بۆ خوێندکارە دەرچوەکانى ساڵانى خوێندنى (2014-2015 و 2015-2016 و 2016-2017) ى زانکۆى هەلەبجە ئەنجام دەدرێت. لە میهرەجانێکى ناوازەدا ڕۆژى دووشەمە ڕێکەوتى (١٨/٩/٢٠١٧) لە یاریگای نێودەوڵەتی زانکۆى هەڵەبجە بە ئامادەبوونی خاتوو شانازئیبراهیم ئەحمەد و پارێزگار و جێگرى پارێزگار و ئەندامانى ئەنجومەن و قایمقامى هەلەبجە و کونسوڵى ئێران بۆ کاروبارى ڕۆشنبیرى و فەرهەنگى و ژمارەیەکى زۆر لە بەڕێوەبەرانى فەرمانگەکانى هەڵەبجە و کەسایەتى ئاینى و حیزبی و حکومى و کە س کارى خوێندکاران سێیەمین ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆى سازکرد.

دەستپێکى ئاهەنگەکە کەژاوەى خویندکاران بۆ ناو مەراسیم و پێشکەشکردنى چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و ئامادەبوان بۆ ڕێزگرتن لە گیانى شەهیدانى ڕێگاى ڕزگارى کوردستان و زانست ، خولەکێک بە بێدەنگى وەستان .دواتر بەرێز ( د.توانا وەهبی غفور) سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاهەنگی دەرچووان ووتەی بەخێرهاتنی ئاراستەی ئامادەبووان کرد پیرۆزبایی ئاڕاستەى خوێندکارنى دەرچوو کرد ، و بوونى زانکۆى هەڵەبجە وەک خەڵاتێکى مەعنەوى بۆ خەڵکى ستەم دیدەى ئەم شارە باس لێوەکرد، و ووتی : زانکۆی هەڵەبجە خەڵاتێکی مەعنەوی گەورەیە بۆ خەڵکی ئەم شارەو داوا دەکەم حکومەتى هەرێم هەلی دامەزراندن بۆ سەرجەم خوێندکارانى دەرچووى ئەم زانکۆیە برەخسێنێت تاکو کاروانی خزمەت و ڕەورەوەى زانست بەردەوام بێت بۆ خزمەتکردنی وڵات. دواتر نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا بەرێز (د.ئامانج عبداللە) وتارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەش کرد و وتى: زۆر سەربەرزم ئەمرۆ لەم مەراسیمەدا بەشدارم لەم شارە خۆشەویستە چونکە ئەم پۆلە خوێندکارە دەبنە سەرمایەیەکی گەورەی مەعنەوی زانست بۆ ئەم وڵاتەو ئەرکی حکومەتە کە پلانی گەشەکردن و دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندکاران برەخسێنێت و پێویستە وردتر لە بازاری کار بڕوانین و وەبەرهێنان زیاتر بکرێت لەگەڵ بازاری کار تاکو هەماهەنگ بێت لەگەڵ کۆمەڵگادا پاشان بەرێز د.ئاراس مصطفی احمد سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ووتارى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجەى بۆ ئامادەبوان خوێندەوە و دواى پیرۆزبایی لە ستافى زانکۆى هەڵەبجە و سەرجەم خویندکاران ، ئاماژەی کرد بە مێژووی دامەزراندنی زانکۆی هەڵەبجە و قۆناغەکانى گەشەکردنى و هەوڵەکان بۆزیاتر فراوانترکردن و بەرەو پێش بردنى و ووتی زانکۆ لە ئێستادا خاوەنی چەندین کۆلێج و بەشی زانستییە کە خزمەت بە خوێندکاران و ناوچەکە دەکەن و و سەرۆکایەتى و ئەنجومەن و سەرجەم ستافى زانکۆى هەڵەبجە لە هەواڵى بەردەومدان بۆ کردنەوەى کۆلێژ و بەشی زیاتر و زیاتر پێشخستنى زانکۆ کە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵی هەموو لایەکە ، هەروەها تیشکی خستە سەر چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن کە زانکۆی هەڵەبجە لەگەڵ چەند زانکۆیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا واژووی کردووە بۆ ئاڵوگۆری کادیری ئەکادیمی زانستی کە یارمەتی زانکۆ ئەدەن بۆ بەرەپێش چوونی. نیوەی دووەمی ئاهەنگەکە تەرخانکرا بۆ سوێند خواردنی خوێندکاران لەلایەن هەریەک لە ڕاگری کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەت و زانستە مرۆڤایەتیەکان و ڕاگرى کۆلێژى پەروەردەى وەرزش کە خاوەنى خوێندکارى دەرچوو بوون ، و داواکارى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بۆ خوێندکارە دەرچووەکان و بەخشینى بڕوانامە لەلایەن سەرۆکى زانکۆوە.

لە کۆتایدا خەڵاتى تایبەتى بەسەر خوێندکارە یەکەمەکاندا دابەش کردا کە لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان (کاک حەمەى فەرەج) یاریدەدەرى مام جلال بۆ کاروبارى کۆمەڵایەتى و ئەندازیار( سەروەرت حاجى عزت) کەسایەتى دیارى هەڵەبجەوە تەرخانکرابوون ، زانکۆی هەڵەبجە سوپاسی میوانان و ئامادەبووان کرد بۆ بەشداربوونیان لە مەراسیمەکەدا.

سێیەمین خولى دەرچوانى زانکۆ هەڵەبجە بۆ سەرجەم خوێندکارە دەرچوەکانى هەرسێ ساڵى خوێندنى (2014-2015) کە ژمارەیان (188) خوێندکارە و ساڵى خوێندنى (2015-2016) کە ژمارەى خوێندکارە دەرچوەکانى (168 خویندکارى بەیانیان) و (64 خوێندکارى ئێواران) و ساڵى خوێندنى (2016-2017) کە ژمارەى خوێندکارە دەرچوەکانى (203) خوێندکارە ئەنجامدرا.

ڕاپۆرت بەنان حەسەن
فۆتۆ شۆخان محمد ساڵح

 

به‌روار : 2017-09-19 كات :11:14 بینراو : 1542

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it