سەرۆکایەتى زانکۆ یادى دامەزراندنى یەکەمین کۆلێجى زانکۆى هەلەبجە دەکاتەوە

ڕاگەیاندنى زانکۆى هەڵەبجە:

بەبۆنەى  تێپەڕ بوونى ٩ساڵ بەسەر دامەزراندنى یەکەمین کۆلێجى زانکۆى هەڵەبجە ، ئەمڕۆ لە زانکۆى هەڵەبجە  مەراسیمێک بەوبۆنەیەوە ئەنجامدرا
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ٢٠١٧/١١/٦بەڕێز(د.تەحسین عبدالکریم ئەمین ) سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بە وەکالەت بە یاوەرى هەریەک لە (د.سەرکێو سەڵاح) ڕاگرى کۆلێجى زانست و (د.توانا وەهبی غفور) ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەى وەرزش و ژمارەیەک سەرۆک بەش و مامۆستا و بەڕێوەبەرو فەرمانبەرانى یەکە کارگێڕیەکانى سەرۆکایەتى زانکۆ سەردانى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەتیان کرد و لەلایەن هەریەک لە بەڕێزان(د.حسێن محمد صاڵح) ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت و (د.نەریمان عبدالله على) ڕاگرى کۆلێجى زانستەمرۆڤایەتیەکانى زانکۆى هەڵەبجە و سەرۆک بەش و مامۆستا و فەرمانبەرانى ئەو دوو کۆلێجەوە بە گەرمى پێشوازیان لێکرا.
مەبەست لە سەردانەکەیان بەرز ڕاگرتنى  ساڵیادى دامەزراندنى یەکەمین کۆلێجى زانکۆى هەڵەبجە بوو کە ٩ ساڵ لەوەو پێش و بەهەوڵی دڵسۆزانەى سەرۆکى ئێستاى زانکۆ و بەشێک لە ڕاگر و مامۆستایانى ئێستەى زانکۆى هەڵەبجە لە ٢٠٠٨/١١/٦ یەکەمین کۆلێج لە هەڵەبجەدا کرایەوە ، کە سەر بە زانکۆى سلێمانى بوو و دواجار ئەم کۆلێژە بویە بناغەى کرانەوەى زانکۆى هەڵەبجە.
سەرەتا سەرۆکى زانکۆى  هەڵەبجە و وەفدى یاوەرى سەردانى ڕاگرایەتى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەتیان کرد و لەگەڵ ستافى زانستى و کارگێڕى هەردوو کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت و کۆلێجى زانستەمرۆڤایەتیەکاندا کۆبونەوە و لەدیدارێکدا بەڕێز (د.تحسین عبدالکریم) پیرۆزبایی گەرمى ئاڕاستەى ڕاگرایەتى کۆلێج و مامۆستا و فەرمانبەرانى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت کرد بە بۆنەى یادى دامەزراندنى کۆلیجەکەیانەوە ، و باسى لەکات و چۆنیەتى کرانەوەى کۆلێجەکە کرد کە ئەوکات بەڕێزیان وەک ڕاگرى کۆلێجەکە ئەرکیان بینیوە و کۆلێجێک بووە سەر بە زانکۆى سلێمانى ، و تیشکى خستە سەر چۆنیەتى ڕاپەڕاندنى ئیش وکارەکان و فراوان کردنى کۆلێجەکە لە ساتى کرانەوەیدا تا بەروارى بونى بەزانکۆى هەڵەبجە ، ئاماژەى بە لەمپەر و گرفتەکانى و چۆنیەتى چارەسەرکردنی گرفتەکانى ئەو کاتى کرد ، وتیشی کردنەوەى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت سەر بە زانکۆى سلێمانى و هەوڵەکانى هەموان  بۆ  فراوان کردنى ئەو کۆلێجە دواجار لە ساڵى ٢٠١١ بوبە بناغەى دامەزراندنى زانکۆى هەڵەبجە .
پاشان بەرێز (د. حسێن محمد صاڵح) ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت بەناوى کۆلێجەکەیانەوە بەگەرمى بەخێرهاتنى بەرێز سەرۆکى زانکۆى و وەفدى یاوەرى کرد و هیواى هەماهەنگ بوون و سەرکەوتنى بۆ خواست و ئاماژەى بەوەکرد وەک چۆن لە یەکەم چرکە ساتى کردنەوەى کۆلێجەکەدا هاوکار بوون و لێبڕاوانە ئەرکیان بیینیوە  بەهەمان نەفەسەوە بەردەوام دەبن تا بتوانن ئاستى زانستى کۆلێج و زانکۆ زیاتر بەرەو پێش ببەن ، لە وتەیەکیدا سەرجەم کێشەو کەم و کورتیە ئانیەکانى کۆلێجەکەیانى بۆ سەرۆکى زانکۆ خستە ڕوو و سەرۆکى زانکۆى بەڵێنى چارەسەرکرنى سەرجەم کیشە و کەم و کورتیەکان و دابین کردنى پێداویستیەکانى پێدان.
لە بەشێکى ترى مەراسیمەکەدا سەردانى بەشەزانستیەکان و  یەکە کارگێڕیەکانى کۆلێج کرد و لە نزیکەوە چاوى بە ستافى زانستى و کارگێڕى کۆلێج کەوت و گوێی لە داواکانیان گرت ، و دواتر چەند هۆڵێکى خوێندنى کۆلێجەکانى بەسەرکردەوە.


بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى ناهەموارى ئابورى و سیاسی هەرێم و ناوچەکە ، نۆهەمین ساڵیادى دامەزراندنى یەکەمین کۆلێجى زانکۆى هەڵەبجە بەشێوەیەکى بەڕێوەچوو و بڕیار وایە کە بۆ ساڵى ئایندە مەراسیمێکى ئەکادیمی و بەشکۆ و فراوان بەو بۆنەوەیە ڕێک بخرێت .

لەڕێکەوتى ٢٠٠٨/١١/٦ یەکەمین کۆلێج لە هەڵەبجە کرایەوەبەناوى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەت کە ئەوکات سەر بە زانکۆى سلێمانى بوو و بە فراوانبوونى ئەو کۆلێجەش لە ساڵى ٢٠١١ بویە بناغەى دامەزراندنى زانکۆى هەڵەبجە بویە یەکەمین کۆلێجى زانکۆى هەڵەبجە ، وە لە ئیستادا زانکۆى هەڵەبجە خاوەنى چوار کۆلێج و ١١ بەشی زانستیە و لە ساڵانى ئایندەشدا بەشی دیکەى زانستى لێدەکرێتەوە.

 

 

به‌روار : 2017-11-06 كات :18:10 بینراو : 753

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it