کۆلێجى پەروەردەى وەرزش مەراسیمێک بۆ خوێندکارانى قۆناغى یەکەم ئەنجام دەدات

 لیژنەى چالاکى کۆلێجى پەروەردەى وەرزشی زانکۆى هەڵەبجە مەراسیمی یەکتر ناسین بۆ خوێندکارانى قۆناغى یەکەمى کۆلێجى پەروەردەى وەرزش ئەنجام دەدەن
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٠١٧/١١/٢٠ لیژنەى چالاکى کۆلێجى پەروەردەى وەرزشی زانکۆى هەڵەبجە بە هاوکارى گرووپى هەگبە کە لە کۆمەڵێک خوێندکارى هەردوو بەشی پەروەردەى وەرزش و پەروەردەى وەرزشی بنەڕەت پێک دێت و بەئامادەبوونى ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەى وەرزش و ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکارى کۆلێج لە یاریگاى نێودەوڵەتى زانکۆ ، یەکەمین چالاکی ئەمساڵى خۆیان بە مەراسیمێکى بەشکۆ بۆ خوێندکارانى قۆناغى یەکەمى ئەو کۆلێجە ئەنجامدا.
دەسپێکى مەراسیمەکە بۆ خوێندکارانى بەشی پەروەردەى وەرزش بە وتارى بەڕێز (د.توانا وەهبی غفور) ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەى وەرزش دەستى پێکرد کە پیرۆزبایی ڕاگرایەتى کۆلێجى ئاڕاستەى سەرجەم خوێندکارانى وەرگیراو کرد و هیواى خواست کە لەماوەى ئایندەدا بەهەوڵ و تێکۆشان و لێبڕانى هەمولایەک بتوانن خزمەتێکى شیاو بەسەرجەم خوێندکارانى کۆلێج بەتایبەت خوێندکارانى وەرگیراوى ئەمساڵ بکەن ، لە بەشێکى وتەکانیدا تیشکى خستە سەر  هەوڵ و تێکۆشانەکان بۆ کردنەوەى کۆلێج وزیاتر بەرەو پێش بردنى کە لەماوەى ڕابردودا بۆ سەرپێخستنى کۆلێجەکە نراوە و پێویستە هەموان پێکەوە پارێزگارى لە بەرهەمى ئەو هەوڵانە بکرێت و هاوکارى زیاتر بەرەوپێش بردنى کۆلێج بن.باسیشی لە میکانیزم و چۆنیەتى فێرکردنى خوێندکاران لە کۆلێجى پەروەردەى وەرزش کرد، دواتر بەڕێز م.هونەر محمد سەرۆکى بەشی پەروەردەى وەرزش لە وتەیەکدا پیرۆزبایی بەشی پەروەردەى ورەزشى ئاڕاستەى خوێندکاران کرد و باسی لە بەشەکە بۆ خوێندکاران کرد و چۆنیەتى وانە خوێندن و کاتەکانى دەوام و وابەستەبونى خوێندکارانى بۆ یاساکانى بەش ڕوونکردەوە.پاشتر بەڕێز م.بەمۆ نەبەز نەقشبەندى سەرپەرشتیارى ئاهەنگ و بەرپرسی لیژنەى چالاکى کۆلێژى ورزش لە وتەیەکى کورتدا تیشکى خستە سەر بەشێک لە کارو چالاکیەکانى لیژنەکەیان لە ماوەى ڕابردوودا و ئەو چالاکیانەى کە لەماوەى ئایندەدا بەنیازن ئەنجامى بدەن. دواتر گوڵ وشیرینى لەلایەن مامۆستایانەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەش کرا و خوێندکاران سەردانى هۆڵى وانە پراکتیەکان و یاریگاى نێودەوڵەتیان پێکرا.
بەشی دووەمى مەراسیمەکە تایبەت کرا بە خوێندکارانى بەشی پەروەردەى وەرزشی بنەڕەت و بە ئامادەبوونى سەرۆک و بڕیاردەرى بەشی پەروەردەى وەرزش و بەشێک لە مامۆستایانى بەش لە بەشەکە مەراسیمەکە دەستیپێکرد  ، سەرەتا بەڕێز(د.سیروان حامد) سەرۆکى بەشی پەروەردەى وەرزشی بنەڕەت بەخێرهاتنى خوێندکاران و پیرۆزبایی وەرگیرانیان لە بەشەکەیان کرد ، باسێکى دەربارەى بەشەکەیانى لە ڕوى سیستەمى وانەخوێندن و یاساکانى وانەخوێندنى  بۆ خوێندکاران ئاماژە پێکرد تیشکى خستەسەر ئەرک و مافەکانى خوێندکارانى بەشەکەیان و پێویستى پابەندبوونى خوێندکارانى بە ڕێنماییەکانى مامۆستا و سەرۆکایەتى بەش . هیواى سەرکەوتنی بۆ خوێندکاران خواست . دواتر شیرینى و گوڵ لەلایەن مامۆستایانى بەشەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشکرا و خوێندکاران سەردانى هۆڵەکانى وانەپراکتیکیەکان و یاریگاى نێودەوڵەتیان پێکرا و ئاشناى یاریگاکە کران.
بەوتەى بەڕێزم. بەمۆ نەبەز ئەنجامدانى ئەم چالاکیە بۆ بەخێرهێنان و یەکتر ناسینى خوێندکارانە و ناساندنى خوێندکارە بە قۆناغى نوێی خوێندنیان و هۆڵەکان و میکانیزمى وانەخوێندنیان لە زانکۆ ، و ئاماژەشی بەوەکرد کە لیژنەکەیان بەردەوام بن لە ئەنجامدانى چالاکى و خزمەتى زیاتر بە خویندکاران و مامۆستایانى کۆلێجى پەروەردەى وەرزش.


 

 

به‌روار : 2017-11-20 كات :18:03 بینراو : 781

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it