زانکۆى هەڵەبجە مەراسیمى ڕێزلێنان لە یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ ئەنجام دەدات

ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى ٢٠١٧/١٢/٥ لە هۆڵی کتێبخانەى ناوەندیی زانکۆى هەڵەبجە مەراسیمى ڕێزلێنان لە یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبار کارگێڕى و دارایی بەڕێوەچوو.
بە ئامادەبوونى هەریەک لە بەڕێزان (على عوسمان) پارێزگارى هەڵەبجە و (کاوە على کریم) جێگرى پارێزگار و (د.تحسین عبدالکریم ئەمین) سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە و سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و بەڕێزان ڕاگرانى کۆلێژەکانى زانکۆ  و سەرۆک بەش و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆى هەڵەبجە مەراسیمێکى بە شکۆ بۆ ماڵئاوایی لە بەرێز(د. ئاراس مصطفى) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕی و دارایی ئەنجامدرا.
سەرەتاى مەراسیمەکە بە وتەى بەڕێز (د.تحسین عبدالکریم) سەرۆکى زانکۆ دەستى پێکرد ، و تیایدا سوپاس و دەستخۆشی خۆى و سەرۆکایەتى زانکۆى بۆ بەڕێز(د.ئاراس مصطفى) دووپات کردەوە لەپاى کارو ماندوبون و هەوڵەکانى لەماوەى ڕابردوودا کە بۆ زانکۆى هەڵەبجە کێشاویەتى  ، و هیواى سەرکەوتنى لە ماوەى ئایندەى ژیانیدا بۆ خواست . ئەو وتی : ئەمڕۆ ڕۆژێکى ئەستەم و قورسە بۆ زانکۆى هەلەبجە چونکە ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە بەرێز د.ئاراس دەکەین کە بەهۆى خانەنیشین بونیەوە بەجیمان دەهێڵێت و ، و بۆشاییەکى مەزن لە زانکۆدا جێدەهێڵێت ، چونکە بەڕاستى کەسێکى خاوەن ئەزموون و دڵسۆز بووە لەماوەى ڕابردوودا و درێغى نەکردووە لە خزمەت کردن بە زانکۆى هەڵەبجە ، وتیشى کە بە هۆى ئەوەى کە بەڕێزیان ماڵیان لە ئەوروپا و لەدەرەوەى کوردستانە داواى لێدەکەم کە لە ئەوروپاش وەک نوێنەرى زانکۆى هەڵەبجە ئەرک بکێشێت.
 بەڕێز(د. نەریمان عبدالله) ڕاگرى کۆلێجى زانستەمرۆڤایەتیەکان لە وتەیەکدا ئەزموونى کارکردنى لەماوەى ڕابردوودا لەگەڵ یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ دوپات کردەوە و نیگەرانى خۆی بۆ ماڵئاوایی بەرێزیان دەربڕی و هیواى خواست کە ماوەى پشووى تەمەنى بە خۆشی تێبپەڕێنێت. دواتر بەڕێز (د.سەرکێو سەلاح) ڕاگرى کۆلێجى زانستیش تیشکێکى خستە سەر ڕابردوى پڕ لەخزمەتى (د. ئاراس مصطفى) بۆ خزمەتى زانکۆ و بەشێک لە هەوڵ و کارو ماندوبونەکانى خستە ڕوو.
دواتر هەریەک لە خەڵاتانى ڕێزلێنان و ڕێز و وەفاى زانکۆى هەڵەبجە و  سەرۆکایەتى زانکۆ لەلایەن بەڕێز (د.تەحسین عبدالکریم ) سەرۆکى زانکۆوە ، و خەڵاتى پارێزگاى هەڵەبجە لەلایەن بەرێز(على عوسمان) پارێزگارى هەڵەبجە و خەڵاتى تایبەتى فەرمانبەرانى زانکۆ لەلایەن (م. کامەران) و خەڵاتى کۆلێجى زانستەمرۆڤایەتیەکان لەلایەن بەڕێز(د. نەریمان عبدالله) و خەلاتى کۆلێجى زانست لەلایەن(د. سەرکێو سەلاح) و خەڵات کۆلێجى وەرزش لە لایەن (د.توانا وەهبی غفور) و خەڵاتى  بەرێوەبەرایەتى ئامار و نەخشەکێشان لەلایەن (ئەنوەر کریم) ەوە بەخشرایە بەڕێز(د. ئاراس مصطفى).
هەر لە درێژەى مەراسیمەکە وەکو وەفایەک بۆ خزمەتیان لەماوەى ڕابردوودا هەریەک لە بەرێزان 
 (حمەئەمین فەقێ محمود) و (طه حمەسعید قادر) و (توبا ئەوڕەحیم) کارمەندانى پێشوى زانکۆى هەڵەبجە کە لە ساڵانى پێشتردا خانەنیشن کرابوون لەلایەن سەرۆکى زانکۆوە خەڵاتى ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا و وەک سیمبولى خزمەت وەسف کران.
لە وتەیەکیشدا (د.ئاراس مصطفى) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی  سوپاسی خۆى بۆ سەرۆکایەتى زانکۆ و مامۆستا و فەرمانبەران و پارێزگاى هەڵەبجە دوپات کردەوە کە هەم لەماوەى ڕابردوودا بە یەک گیان و یەک دەست هاوکار بوون بۆ ڕاپەراندنى کارەکان ، و هەم لە ڕۆژى خانەنشین بوونى بەڕێزیان ئەو مەراسیمە ناوازەیەی بۆ ئەنجامدراوە ، و هاوکات تیشکى خستە سەر ئەوەى لە ڕابردوودا هەموان بە یەک تیم و یەک گیان و یەک هەڵوێست کاریان کردووە لە پێناو زانکۆى هەڵەبجە ناکۆکی و جیاوازەکان وەلانراون ، هیوای خواست کە  لە ئایندەشدا بە هەمان شێوە و بە هەمان هەڵوێستەوە کار بکرێت چونکە دەبێتە بنەماى سەرکەوتن و پێشکەوتنى زانکۆ و هەمولایەک.
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا لە سەر شەرەفى سەرۆکایەتى زانکۆ ئامادەبووان خوانى نیوەڕۆیان پێشکەش کرا.

 

 

به‌روار : 2017-12-05 كات :18:07 بینراو : 727

© 2017 Halabja University, Created and Developed by kod4it