سیمپۆزیۆمى گرفتەکانى خوێندن و میکانیزمى چارەسەر بەڕێوەدەچێت

بە مەبەستى زانستیانە تیشک خستنە سەر گرفتەکانى خوێندن و میکانیزمەکانى چارەسەر کردنیان بەشی بنەماکانى ئاینی زانکۆى هەڵەبجە سیمپۆزیمێک ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ دوشەممە ڕیکەوتى ٢٠١٧/١٢/١١ بە ئامادەبوونى (د.نەریمان عبدالله ) ڕاگرى کۆلێجى زانستە مرۆڤایەتیەکان و ژمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکارانى زانکۆى هەڵەبجە سیمپۆزیۆمێک بەناونیشانى (گرفتەکانى خوێندن ، و میکانیزمەکانى چارەسەرکردنیان) و لە کاتژمێر ١٢ لە هۆڵى سیمینارەکانى کۆلێج ئەنجامدرا ، سیمپۆزیۆمەکە لە سێ سیمینارى وابەستە بە بابەتەکە پێک هاتبوو و لە لایەن هەریەک لە بەرێزان(د.ڕەسوڵ حسن ڕەسوڵ) سەرۆکى بەشى بنەماکانى ئاین ، و (د.ناسح مەلاکریم)  و (م. دیارى أحمد کاکە) مامۆستایانى بەشى بنەماکانى ئاینى زانکۆى هەڵەبجە پێشکەشکران.
بەرنامەى سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن بەڕیز(د.ئاوات صاڵح) ەوە دەستی پێکرد و پاش بەخێرهێنانى ڕاگرى کۆلێج سەرجەم ئامادەبوان ،پێشکەشکارانى سیمینارەکانى ڕاسپارد بە پێشکەشکردنى بابەتەکانیان.
(د.ڕەسوڵ حسن) یەکەم سیمینارى پێشکەش کرد بەناونیشانى (کارگێڕى و کێشە و گرفتەکانى بەش) ، و تیایدا باسی لە گرفتەکانى بەشەکەیان لە ڕووى کەمى پێداویستیەکان و  کەمتەرخەمی بەرامبەر بە داواکارى و نوسراوەکانیان و گرفت لە هۆڵەکانى خوێندن کرد ، کە بونەتە لەمپەر لە بەردەم پرۆسەى خوێندن لەو بەشەدا و ئاماژەشی بە هەوڵەکانی سەرۆکایەتى بەش کرد بۆ کەم کردنەوەى ئەو گرفتانە ، هەروەها میکانیزمەکانى چارەسەرکردنیانى ڕونکردەوە.
لە دوەم سیمیناردا (د.ناسح مەلا کریم) بە پێشکەشکردنى بابەتی (گرفتى خوێندکاران و دابەزینى ئاستى زانستى) تیشکى وردى خستە سەرگرفتە دەروونى و کۆمەڵایەتى و ئابووریەکانى خوێندکاران لە ساتى وەرگرتنیان لە زانکۆدا و شیکارى کردن و ئاماژەى بەوە کرد کە سەرهەڵدانى خۆنەویستانەى ئەو گرفتانە کاریگەرى نەرێنى دەبێت لەسەر ئاستى زانستى خوێندکاران و دەبێتە بەربەست و لە بەردەم ڕەوڕەوەى خوێندن.
کۆتا سیمینار لەلایەن (م.دیارى احمد کاکە) بە ناونیشانى (بەهێزکردنى لایەنى زانستى خوێندکاران) پێشکەشکرا. ئەو سەرەتا باسی لە گەورەیی زانست لەڕووى دینیەوە و لە ڕوانگەى زانایانەوە باس لێوەکرد، گرنگترین هۆکارەکانى سەرکەوتنى لە بەدەست هێنانى زانستدا تیشک خستە سەر ، هاوکات ڕێگەچارەکانى چارەسەرى گرفت و کێشەکانى بۆ خوێندکاران و مامۆستایان باس لێوەکرد.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا ئامادەبوان پرسیار و پێشنیار و ڕون کردنەوەکانیان خستە ڕوو.

 

 

 

 

 

به‌روار : 2017-12-11 كات :16:27 بینراو : 435

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it