زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت

له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌كانی یه‌كه‌ زانستی و كارگێڕیه‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ مه‌به‌ستی زیاتر پێشخستنی زانكۆ و به‌كارهێنانی دواین گۆڕانكاری و ئاسانكاریه‌كانی رۆژ ، بۆ یه‌كه‌م جار و له‌ هه‌نگاوێكی مه‌زن و ناوازه‌دا كاره‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێن
له‌ پێناو باشتر ڕاپه‌راندنی كاره‌كان و خێرایی گه‌یاندنی نوسراو و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتینات و خه‌رجیی له‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ، فه‌رمانگه‌ی نوسینگه‌ی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی بالا ، سه‌رجه‌م ئیش و كاره‌كانی فه‌رمانگه‌كه‌ی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن پێیانه‌وه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێن.
(د.هه‌ڤاڵ خورشید ڕه‌فیق ) یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندنی باڵا كه‌ خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌یه‌ ڕایگه‌یاند ئه‌م هه‌وڵه‌ یه‌كه‌م هه‌وڵێكه‌ كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دراوه‌ و تا ئێستا هیچ زانكۆیه‌كی دیكه‌ وه‌ها كارێكی ئه‌نجام نه‌داوه‌ ، ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ جگه‌ له‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ كارئاسانیه‌كی یه‌كجار مه‌زنه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئیش وكاره‌كان و بڕی تێچووی زۆر كه‌متره‌ ، هاوكات سودێكی باش ده‌گه‌یه‌نه‌ێت به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكاندا. وتیشی كه‌ وه‌ك ده‌سپێكیك له‌ فه‌رمانگه‌ی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پراكتیزه‌ ده‌كرێت و دواتر سه‌رجه‌م به‌ش و یه‌كه‌كانی دیكه‌ی زانكۆ ده‌گرێته‌وه‌.

ئەندازیار (سعد غریب ڕەئوف) كارمه‌ندی زانكۆ و جێبه‌جێكاری سیسته‌می به‌ ئه‌لیكترۆنی كردنی كاره‌كان ڕایگه‌یاند: كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می خێرا و پێشكه‌وتووی (FTP) یه‌وه‌ كاره‌كان ئه‌نجام ده‌درێن ، كه‌ سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووه‌ و زۆر به‌ ئاسانی یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كان ده‌توانن نوسراو و فایله‌كانیان نێوانیان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.
جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌م كاره‌ هه‌نگاویكی مه‌زن و ده‌گمه‌نه‌ له‌ نێو دام و ده‌زگا میریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌نیو سێكته‌رى په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵادا ، و ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زیاتر پێشكه‌وتنی ئه‌زمونی كاروباری ئیداری له‌ فه‌رمانگه‌كاندا. و زانکۆى هەڵەبجە یەکەمین زانکۆى کوردستانە کە ئەم هەنگاوە دەگرێتە بەر وتائێستا لە هیچ زانکۆیەکى دیکە ئەم خزمەتگوزاریە بەکارناهێنرێت

به‌روار : 2017-12-12 كات :11:02 بینراو : 523

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it