بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن وۆرکشۆپێك سازدەکات

لە درێژەی چالاکی و سیمینارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٢٠١٨/١/٣١ لە هۆڵی سیمیناری کۆلێجی زانست هەستا بە ئەنجامدانی وۆرکشۆپێك لەژێر ناونیشانی (دۆزینەوەی کارو ئەو کارامەییانەی بۆ بازاری کار پێویستن)

وۆرکشۆپەکە پێکهاتبوو لە دوو سیمینار سیمیناری یەکەم لەلایەن بەرێز (مامۆستا ئاکۆ ابراهیم) خوێندکاری دکتۆراو مامۆستا لە کۆلێجی وەرزشی زانکۆی هەڵەبجە پێشکەش کراو تیایدا بەوردی تیشکی خستە سەر ئەو کارو پیشانەی کە تاك یاخود گروپ دەتوانرێت داهاتی پێ بە دەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن کارو سەرمایەیەکی ئابوری باش  بۆ خۆی دەست بخات.

مامۆستا ئاکۆ لە درێژەی سیمینارەکەیدا ئاماژەی کرد بە چەند پرۆژەو بیرۆکەیەك لەوانە یاری وەرزشی کە دەتوانرێت خەڵك سودی لێ وەرگرێت بۆ ئەوەی کاری پێ پەیدا بکرێت و سودی لێ وەربگیرێت لە ڕووی ئابوورییەوە و هەروەها چاپکردنی کتێبێك تایبەت بەم بوارە کەلە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ دەکرێت تاکو خوێندکاری زانکۆ لە دوای دەرچوونی لە زانکۆ ئاشنا بێت بەم بابەتەو جەختیشی کردەوە کە دەتوانرێت لەڕێگەی چەندین بیرۆکەی دیکەوە کار بدۆزرێتەوە تاکو چیتر خوێندکار بێ کار نەبێت و خۆی ببێتە خاوەنی کار.

سیمیناری دووەم لەلایەن بەرێز (م.ی گۆران عمر) مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن لە زانکۆی هەڵەبجەوە پێشکەشکراو تایبەت بوو بەو کارامەییانەی لە بازاڕی کاردا پێویستن بۆ دۆزینەوەی هەلی کارو دەبێتە هاوکارێکی باش لە دەستخستنی کاردا لەوانە فێربوون و زانینی زیاتر لە یەك زمان و بە تایبەت زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بواری کۆمپیوتەرو توانای پەیوەندی کردن کە ئەمانە دەبنە خاڵی سەرکەوتن بۆ  ئەو کەسەی کە خوازیاری دەستخستنی کارەو دەیەوێت کاری دەستکەوێت لەدوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە زانکۆ. هەر لە سیمینارەکەدا ئەو مامۆستایە جەختیکردەوە ئەم کارامەییانەی لە ئێستادا گەورەترین ڕۆڵیان هەیە لە دەستخستنی کارو لەپێشترن لە بڕوانامەش بۆیە ئەمانە دەبنە خاڵی گرنگ و پێویست لە دەستکەوتنی کاردا. لە کۆتایی سیمینارەکەشدا خوێندکاران و مامۆستایان پرسیار و تێبینیەکانی خۆیان ئاراستەی پێشکەش کارانی وۆرکشۆپەکە کرد.

 

به‌روار : 2018-02-01 كات : بینراو : 551

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it