زانکۆى هەڵەبجە بەهاوبەشی لەگەڵ سەنتەرى گەشەپێدانى چالاکى لاوانى هەڵەبجە سیمپۆزیەمێک ئەندام دەدەن

لە زنجیرە کار و چالاکیە زانستى و ئەکادیمیەکانى زانکۆى هەڵەبجە ، ئەمڕۆ دووشەممە بەروارى ٢٠١٨/٢/٢٦ بە هەماهەنگى لەگەڵ سەنتەرى گەشەپێدانى چالاکى لاوانى هەڵەبجە سیمپۆزیەمێکى هاوبەشیان ئەنجامدا.
سیمپیۆزیەمەکە بە دروشمی (گەشەکردنى لاوان لە هەڵەبجە ، ئابوورى ، سیاسی ، کلتوورى کۆمەڵایەتى، ئاست و و هۆکار و چارەسەر) لە کاتژمێر ١٠ ى سەرلەبەیانى لە هۆڵی د.مەستەفا زەڵمى دەستى پێکرد . پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانى شەهیدانى رێگاى ڕزگاریی کوردستان ، بەڕێز (م. ئاریان على حامد) وتارى زانکۆى هەڵەبجە خوێندەوە و بەناوى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجەوە سەرجەم ئامادەبوانى بەخێرهێنا ، ئەنجامدانى ئەم جۆرە کارانەى بە ئەرکى ئەکادیمى زانکۆ زانى ، وتى : کە زانکۆ هەمیشە دەرگاى بەڕووى سەرجەم ڕێکخراوە حکومى و ناحکومیەکاندا کراوەیە ، لە ساتى هەبوونى بیرۆکەى زانستى و ڕۆشنبیریدا . لە پێناو ئاڵ و گۆرى بیرو ڕا و ئەنجامدانى ئەو چەشنە کارە ئەکادیمیانە. پاشان بەرێوەبەرى ئۆفیسی هەڵەبجەى سەنتەرى گەشەپێدانى چالاکى لاوان بەڕێز (م. ئەرسەلان عابد) بە وتەیەک پێشوازى لە هەموان کرد ، ئەو سیمپۆزیەمەى بە ئەرکێکى خۆیان و خزمەتێک بە لاوانى هەڵەبجە زانى ، بە هەوڵیکى ئەکادیمى و مەیدانى ناوى برد کە خۆى لە توێژینەوەیەکى فرە ڕەهەند لەمەڕ گەشەکردنى لاوانى هەڵەبجە لەلایەن بەڕیز (م. فەیسەڵ ئیبراهیم)ەوە ئەنجام درابوو ، بەڕێز (د. ڕێبوار سیوەیلى) مامۆستا لە زانکۆى صلاح الدین لە سیمینارێکدا هەلسەنگاندێکى فیکرى زمانەوانى بۆ کرد. بەرنامەى کارى سیمپۆزیەمەکە بریتى بوو لە دو سیمینار ، خستنە ڕووى توێژینەوەیەکى مەیدانى بوو کە لەلایەن بەڕێز(م. فەیسەڵ ئیبراهیم) ەوە ئەنجامدرابوو لە سەر گەشەکردنى لاوانى هەڵەبجە ، و بۆ ئەو توێژینەوەیەشی زیاتر لە ٣٠٠ لاوى هەڵەبجەى لە نێوان تەمەنى ١٨-٣٥ ساڵ ، لە ڕەگەز و ئایدیا و ئاستە جیاوازەکاندا وەرگرتبوو. ئەو لە توێژینەوەیەکەیدا سەرجەم ئەو ڕەهەندانەى ڕوون کردەوە کە توێژینەوەکەیان لەسەر ئەنجامدرا بوو ، خۆیان لە بارى کۆمەڵایەتى و ئاینى و ژینگەیی و باری سیاسی لاواندا دەبینیەوە ، هاوکات سەرجەم ئەو داتا و زانیاریانەى کە بەدەستى هێنابوون و پێیان گەیشتبوو و کێشە و گرفت و ئەنجام و ڕاسپاردەکانى توێژینەوەکەى بۆ ئامادەبوان خستە روو .
لە سیمینارى دووەمدا بەرێز(د. ڕێبوار سیوەیلی) شیکارێکى زمانەوانى و فیکرى فەلسەفیی بۆ توێژینەوەکە کرد ، سەرجەم کەم و کورتی و پێشنیارەکانى خۆى لەمەڕ توێژینەوەکە خستە بەردەست توێژەر .
لە کۆتایی سیمپۆزیەمەکەدا خەڵاتى تایبەتى زانکۆى هەڵەبجە بەخشرایە پێشکەشکارانى سیمپۆزیەمەکە ،لاى خۆشیەوە بەریز د. ڕیبوار سیوەیلی پرۆپۆزەڵى کردنەوەى بەشی کەلتوورناسی پێشکەشى زانکۆى هەڵەبجە کرد ، کە لەلایەن بەریزیان بەهاوکارى کۆمەڵیک لەمامۆستایانى زانکۆى صلاح الدین ئامادەکرابوو. و ڕێزدار د.نەریمان عبدالله بەناوى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجەوە سوپاسی زانکۆى هەڵەبجەى ئاڕاستەى ئەو ستافە زانستیە کرد ، و کێشەى نەبوونى ستافى زانستى لە زانکۆى هەڵەبجە خستە ڕوو و هیواى خواست کە زانکۆى صلاح الدین لە رووى ستافەوە هەماهەنگ و هاوکار بێت. دواتر توێژینەوەى (گەشەکردنى لاوان لە هەڵەبجە ، ئابوورى ، سیاسی ، کلتوورى کۆمەڵایەتى، ئاست و و هۆکار و چارەسەر) کە لەسەر ئەرکى زانکۆى هەڵەبجە چاپ کرابوو بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا. ئامادەبوانیش بە هیواى سەرکەوتن وبەردەوامى بۆ هەماهەنگى نێوان زانکۆ و ڕێکخراوەکان بۆ سەرپێخشتنى ئەو جۆرە کارانە پرسیارەکانیان پێشکەشی پێشکەشکارانى سیمپۆزیەم کرد.

 

به‌روار : 2018-02-26 كات : بینراو : 451

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it