کۆلێژى زانستەمرۆڤایەتیەکان سیمینارێک ئەنجام دەدات

لە درێژەى هەوڵەکانى بۆ ئاشنا کردنى خوێندکاران بە پرسە نیشتیمانى و نەتەوەییەکانى کورد ، و بۆ بە دۆکیۆمێنت کردنى تاوانەکانى هێرش و کیمیابارانى هەڵەبجە ، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى ٢٠١٨/٢/٢٨ هۆبەى دڵنیایی جۆریی کۆلێژى زانستەمرۆڤایەتیەکانى زانکۆى هەڵەبجە ، سیمنیارێکى بەناونیشانى (کیمیاباران ویادەوەرى لە نێوان مەرگ و ژیاندۆستیدا) بۆ بەڕێزنوسەر و ڕۆژنامەنووس (ئیبراهیم هەورامانى) ئەنجامدا.
بە ئامادەبوونى بەڕێز(د.نەریمان عبدالله) ڕاگرى کۆلێژى زانستەمرۆڤایەتیەکان وسەرۆک بەش و مامۆستا و خویندکارانى ئەو کۆلێجە ،  سیمینارەکە لە کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى لە هۆلی سیمینارى کۆلێجى زانستەمرۆڤایەتیەکان ئەنجامدرا. 
سیمیناریست لە دەسپێکى سیمینارەکەیدا سوپاسی خۆى بۆ زانکۆى هەڵەبجە و کۆلێژى زانستەمرۆڤایەتیەکان دووپات کردەوە کە دەرفەتى ئەنجامدانى ئەو سیمینارەیان بۆ ڕەخساند .پاشان لە چەند تەوەرێکدا مێژووى هێرشە یەک لە دواى یەکەکانى بۆ شارى هەڵەبجە و دەوروبەرى ، بەکارهێنانى چەکى ناپاڵم و کیمیایی لەم شارەدا باس کردن . هەروەها پرسی کیمیابارانکردنى هەلەبجە و کەمتەرخەمى لە بە دۆکیومێنت کردنى هێرشەکانى سەر ناوچەکە ڕوون کردەوە. ئەو ئاماژەى بەوە کرد کە تا ئێستا هیچ کارێک لەسەر بە ئەرشیف کردنى ئەو پرسە مەزنە نەتەوەییە نەکراوە ، سەرەڕاى هەبوونى ئەرشیفێکى مەزن لە پاشماوەى قوربانیانى ئەو کارەساتە مەزنە بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە ئەو پاشماوە و  کەل و پەلانە لە چوارچێوەى مۆزەخانەیەکدا کۆبکرێنەوە. وتیشی : پێویستە زانکۆ وەک ئۆرگانێکى باڵاى زانست و زانیارى دەزگای تایبەت بە کۆکردنەوە و ئەرشیف کردنى پێداویستى و پاشماوەکانى جەنگ دابمەزرێنی تا لە رێیەوە ئەو کارانەى کە لایەنى پەیوەندیدار کەمتەرخەم بووە لە ئاستیدا ، ئەو دەزگایە ئەنجامى بدات . نەیشاردەوە کە تا ئێستا چەند هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە دراون بەڵام هەوڵەکان تاکەکەسی بوون و وەکو پێویست نەبوون.
لە کۆتایی سیمینارەکە پێشکەشکارى سیمینارەکە کتێبێکى نوسراوى خۆى کردە دیارى بۆ ئامادەبووان.

 

به‌روار : 2018-02-28 كات : بینراو : 534

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it