دووەم ڕۆژى کۆنفڕانسی دیدى دروست بۆ فەرموودە لە زانکۆى هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت

 دووەم ڕۆژى کۆنفڕانسى زانستیى (دیدى درووست بۆ فەرمودە ، پێگەو کارپێکردنى) لە زانکۆى هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
پاش ئەوەى ڕۆژى چوارشەممە  بەرنامەکانى یەکەم ڕۆژى کۆنفڕانسى زانستى هاوبەشی زانکۆى هەڵەبجە و ئینستتیۆتى ژیار بە دروشمى (دیدى دروست بۆ فەرموودە ، پێگەو کارپێکردنى) بەڕێوەچوو ، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٨/٣/٢٩ بەرنامەکانى دووەم ڕۆژى ئەو کۆنفڕانسە بەڕێوەچوو کە لە دوو دانیشتن و پانێڵێکى زانستى و خوێندنەوەى ڕاسپاردەکانى کۆنفڕانس و دابەشکردنى خەڵات بەسەر بەشداربوانى کۆنفڕانسدا پێک هاتبوو.
کاتژمێر ٩ى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لە هۆڵى پ.د. مستەفا زەڵمى بە ئامادەبوونى بەڕێز(د.تحسین عبدالکریم زەنگنە) سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستا و خوێندکاران و چەند ئەندام پەرلەمانێکى کوردستان و کەسایەتى ئەکادیمى و ئایینى کوردستان بەرنامەکانى دوەم ڕۆژى کۆنفڕانسی دیدى دروست بۆ فەرموودە بەڕیوەچوو.
دەسپێکى بەرنامەکان بە چوارەم دانیشتنى کۆنفڕانس دەستى پێکرد کە لە لایەن بەڕێز (د. نەریمان عبدالله على) ڕاگرى کۆلێجى زانستەمرۆڤایەتیەکانى زانکۆى هەڵەبجەوە سەرۆکایەتى کرا ، و هەریەک لە بەڕێزان ( پ.ى.د جمیل على رسول بە توێژینەوەى (گومانى تەنها پابەندبوون لە قورئانى پیرۆز و بەرپەرچدانەوەى لە ڕوانگەیەکى ئیسلامیەوە) ، د. عبدالکریم أحمد محمد بە توێژینەوەى (ڕۆڵی ڕیوایات لە تێگەیشتنى قورئاندا- ڕووداوەکانى سیرە وەک نمونە) ، د. دیارى ئەحمەد ئیسماعیل بە توێژینەوەى (گرنگى ڕیوایات لە خوێندنەوەى قورئاندا - ڕیوایەتى حەفص لە عاصیمەوە بە نمونە) ، د. زکریا عبدالرحمن حمد بە توێژینەوەى (ڕێبازى پێغەمبەر (د.خ) لە نێوان قۆناغ بەندى و هەتاهەتاییدا - پوچەڵکردنەوەى گومانەکانى د.موحەمەد شەحرور) م.ى صباح ڕەسووڵ محمود بە توێژینەوەى(ڕۆڵ و گرنگى زانینى هۆکارى هاتنى فەرموودە لە تێگەیشتنى دروست بۆ فەرموودە) بەشدار بوون. سەرجەم توێژەران پوختە و کرۆکى توێژینەوەکانیان بۆ ئامادەبوان خوێندەوە و بە گفتوگۆ و پرسیارەکانى ئامادەبوان کۆتایی بە دانیشتنى یەکەم هات.
هەر لە کاتژمێر ١٠:٤٥ى سەرلەبەیانى دانیشتنى پێنجەمى ڕۆژى دوەمى کۆنفڕانس بە سەرۆکایەتى بەڕێز(م. عبدالرحمن محمد عارف) دەستى پێکرد کە تیایدا بەڕێزان (د.حسن محمد ڕۆستەم ، توێژینەوەى (سوننەت و زانستى سەردەم ، وەڵامێک بۆ ڕەتکەرانى سوننەت) ، د. رەسوڵ حسن ڕەسوڵ ، توێژینەوەى (پێگەى فەرموودە و وەرگرتنى نەک فەرامۆش و لە بیر کردنى) ، د.بەهمەن صاڵح محمد ، توێژینەوەى(هەڵوێستى ڕۆژهەڵاتناسە هاوچەرخەرخەکان دەربارەى فەرموودەکانى پێغەمبە (د.خ)  ، د. محمود عبدالله محمود توێژینەوەى (پەیوەندى ڕووکارى نێوان قورئان و فەرموودە) ، م.ى. إحسان برهان الدین، توێژینەوەى (گرنگى زمانى عەرەبی لە تێگەیشتنى فەرموودەدا) پوختەى توێژینەوەکانیان بۆ ئامادەبوان خوێندەوە.
کۆتا دانیشتنى کۆنفڕانسەکە پانێڵێکى زانستى بوو کە بەرێز(د. عبدالدائم معروف هەورامانى) سەرۆکایەتى دەکرد و هەریەک لە بەڕێزان د. محمد طاهر اسماعیل بابەتى (ڕەواندنەوەى چەند گومانێک دەربارەى سوننەتى پێغەمبەر(د.خ) ، د. عبدالواحد محمد ساڵح بابەتى (ئایا نەخۆشی دەگوازرێتەوە؟) د. کاوە فەرەج سەعدون بابەتى (ئیعجازى زانستى لە سوننەتدا( ئێستا و ئومێدەکان) ، د. عزیز بەرزنجى ، بابەتى (the miracle of lighting passage: from the perspective of science and prophetic hadith) د. فەهمى حسێن کاکەمەد بابەتى (کەڵەشاخ لە نێوان سوننەت و تەندروستیدا) ، و د. جعفر عمر أحمد دکتۆرى دەروونى بە بابەتى (کاریگەرى شێوازى خەوتن لەسەر تەندروستى گشتى) ناوەڕۆکى بابەتەکانیان بۆ بەشداربووان خوێندەوە . و بە گفتوگۆى ئامادەبوان کۆتایی بەم بەشەی کۆنفڕانسیش هات.
کۆتا بڕگەى کۆنفڕانسەکە خوێندنەوەى ڕاسپاردەکانى کۆنفڕانس بوو لە لایەن بەڕێز پ.ى.د عوسمان محمود سعیدالله و دابەشکردنى خەڵات و بڕوانامەى بەشداربوون بوو بەسەر بەشداربوانى کۆنفڕاسەکەدا. و هەریەک لە بەڕێزان سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە و سەرۆکى ئینستتیۆتى ژیار درعى تایبەتى ناوەندەکانیان پێشکەشی یەکتر کرد.
کۆنفڕانسی (دیدى دروست بۆ فەرموودە ، پێگەو کارپێکردنى) کۆنفڕانسێکى زانستى نێودەولەتى بوو کە لە لایەن هەریەک لە زانکۆى هەڵەبجە و ئینستتیۆتى ژیار ئەنجامدرا و  ٨٩ توێژینەوە پێشکەش کرابوون ، کە تیایدا ٨٠ پوختەى پەسەند کران و ٦٠ توێژینەوە گەیشتنە لیژنەى هەڵسەنگاندن و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا ، لە ئاکامدا ٤٤ توێژینەوە قبوڵ کران . لە کۆنفڕانسەکەدا ٢٧ توێژینەوە پێشکەش کران و پانێڵێکى زانستى بە شەش تەوەرى زانستى بەشداریان تێداکرد. بڕیاریشە سەرجەم توێژینەوە پەسەندکراوەکان لە گۆڤارى زانستى زانکۆى هەڵەبجەدا بڵاوبکرێنەوە. جێی ئاماژەیە کەلەم کۆنفڕاسەدا ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆى هەڵەبجە بە تویژینەوەى زانستى و سەرۆکایەتى دانیشتنەکان و بەشداربون لە دانیشتنەکاندا ، کۆنفڕانسەکەیان پڕزانیاریتر کرد.

به‌روار : 2018-03-29 كات : بینراو : 945

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it