سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان کۆبونەوەیەکی گرنگ لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی خوێندن و کوردستان و بارودۆخی موچە خۆران ئەنجام دەدەن

سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان کۆبونەوەیەکی گرنگ لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی خوێندن و کوردستان و بارودۆخی موچە خۆران ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ ٢٠١٨/٣/٣١ سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان کۆبونەوەیەکیان لەسەر ئەم بارودۆخەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامدا و ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ئەو مەبەستە بڵاو کردەوە ، لە ڕاگەیاندراوەکەدا سوپاسی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەن کە تا ئێستا سەرەڕای بارودۆخی قورسیان توانیویانە درێژە بە پڕۆسەی خوێندن بدەن ، هاوکات هاوهەڵوێستی خۆیان بۆ داوا ڕەواکانیان دووپات کردوەتەوە ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە:

مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست

خوێندکارانی ئازیز

کەس و کاری بەڕێزی خوێندکاران

وەک ئاگادارن لە سەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە سەرباری بارودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی نەخوازراوی دارایی، بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران توانرا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدرێت و لە هیچ زانکۆیەکی کوردستاندا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن نەکرێت هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی تایبەتی یەکە یەکەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان بکەین بۆ لەخۆبردووویی و دڵسۆزیان لە پێناو سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانکۆکانی کوردستان پشتیوانی بەردەوام لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان دەکەن، هەر بۆیە لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاتدا لە ڕێکەوتی (٢٠١٨/٣/٢٧) لەبەر ڕۆشنایی پێشنیاز و سەرنج و تێبینی زانکۆکان توانرا پرۆژەیەکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبکرێت و دواتر لە ڕێگای بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی (٢٠١٨/٣/٢٨) پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا جێی کرایەوە.

پێشتریش لە کۆبوونەوەی (٢٠١٦/٢/٢٢) دا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆژەیەکی دیکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی کوردستان.

دوایین بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم پرسە بڕیارێکی گرنگە و بەشێکی بەرچاوی بارگرانییەکانی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر دەکات. هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانمان و هاوکات خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دیکەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر سندوقی داهاتی زانکۆکان بەردەوام دەبێت.

هەربۆیە داواکارین هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەردەوام بێت و دەرگای هۆڵەکانی خوێندن بەڕووی گەنجان و ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان ئاوەڵا بێت، ڕێگە نەدەین هیچ گرفتێک ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەردوامبوونی پرۆسەی خوێندن لەو ماوە کەمەی کە لەپێشمانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ. هەروەها زۆر گرنگە کە نەهێڵین پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکانمان ببێتە قوربانی ئەجیندای سیاسی و دەبێت کار بکەین کە سیاسەت و بانگەشەی هەڵژاردن لە پرۆسەی خوێندن دوور بخەینەوە.

کەس و کاری خۆشەویستی خوێندکاران:

ئێوەش لە شوێنی خۆتانەوە ڕۆڵ و کاریگەریتان هەیە کە هاوکارمان بن و پشتیوانی لە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانتان لە مەترسی لەدەستدانی ساڵێکی خوێندن بپارێزن. بەهیوای بەردەوام بوون و سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

به‌روار : 2018-03-31 كات : بینراو : 842

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it