ڕێكخراوی(ئه‌ی ئی جی ئای ئێس) سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 2018/4/30 ڕێكخراوی جیهانیی AEGIS سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد ، و له‌ لایه‌ن به‌ڕێز (د. تحسین عبدالكریم زه‌نگنه‌) سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ستافێكی زانكۆوه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی كران.
له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ زۆر به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی  وه‌فدی میوانی كرد ، له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای به‌ڕووی سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌كان كراوه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی جینۆساید و كیمیاییباران دا خزمه‌ت ده‌كه‌ن ، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌ییان ئه‌وه‌یان تێدایه‌ كه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌ر ڕێكخراوێك بكه‌ن كه‌ توێژینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ جیۆساید ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ڕووی پیدانی به‌ڵگه‌ و كارئاسانی و هاوكاربونیانه‌وه‌. باسیشی له‌ ڕۆڵی په‌روه‌رده‌  و فێركردن له‌ بوارهی ناساندنی پرسی جینۆساید به‌ نه‌وه‌كانی داهاتوو و زیندوڕاگرتنی بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ كرد كه‌ له‌ ساتی ئه‌نجامدانی جینۆسایدكردنی هه‌ر گه‌لێكدا تۆمارده‌كرێن . هاوكات ڕۆڵی زانكۆشی له‌و نێوه‌نده‌دا به‌ ڕۆڵێكی یه‌كجار گرنگ و به‌ بایهخ وه‌سف كرد ووتیشی پێویسته‌ زانكۆكان ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان له‌و بواره‌دا ببینن. پێشنیاری بۆ وه‌فدی میوان كرد كه‌ له‌ ساتی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان وئه‌نفالكراواندا داوای زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ به‌ڕێزیان بگه‌یه‌نن كه‌ جینۆساید وه‌ك وانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی سه‌رجه‌م زانكۆكاندا بخوێندرێت.
لای خۆشیانه‌وه‌ وه‌فدی میوان سوپاسی تایبه‌تی به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆ و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد له‌مه‌ڕ ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و هاوكاریانه‌ی كه‌ خستنیانه‌ڕوو بۆ ڕیكخراوی ناوبراو. به‌ڵێنی هه‌مو هاوكاریه‌كیان بۆ زانكۆ ده‌ربڕی و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دا كه‌ له‌ داهاتودا پسپۆڕانی ده‌روونناسی تایبه‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌رونی ڕزگاربوانی كاره‌سات و جینۆسایده‌كان .له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ سوپاسی تایبه‌تی به‌رێز وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی كرد سه‌باره‌ت به‌ هه‌مو هه‌وڵه‌كانی بۆ ناساندن و ده‌رخستنی لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی كه‌یسه‌كانی جینۆساید و هاوكاری ڕێكخراوه‌جیهانیه‌كان كه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كه‌ن . 

 

به‌روار : 2018-04-30 كات : بینراو : 509

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it