زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ فیستیڤاڵی زانستیی و كه‌لتووریی ئه‌نجام ده‌دات

زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌  گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵی زانستیی  و كه‌لتویی ئه‌نجام ده‌دات
ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 2018/5/2 به‌ ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتی به‌رێز (د.تحسین عبدالكریم زه‌نگنه‌) سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر وخوێندكارانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و قایمقام و خه‌ڵكێكی زۆری ناوچه‌كه‌ ، گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵی زانستی و كه‌لتووریی ناوچه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سیاچه‌مانه‌ و ده‌سته‌ی خانمانی هه‌ڵه‌بجه‌  و گروپی فۆتۆگرافه‌رانی شاره‌زور و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌میللیه‌كانی سلێمانی و گروپی ئه‌سپسواریی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو . فیستیڤاڵه‌كه‌ له‌ نێو كه‌مپی زانكۆ ئه‌نجامدرا و ئاوێته‌كردنی زانست و كه‌لتوور و كه‌له‌پوور و هونه‌ری ناوچه‌كه‌ و چه‌ندین بڕگه‌ی تر به‌رنامه‌ی كاری فیستیڤاڵه‌كه‌ بوون.
به‌رنامه‌كانی فیستیڤاڵ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆوه‌ له‌ كاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی كرانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆلێجه‌كانی زانست و كۆلێجی زانسته‌مرۆڤایه‌تیه‌كان و یانه‌ی سیاچه‌مانه‌ی هه‌ورامان و ده‌سته‌ی خانمانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ نمایش كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان فیستیڤاڵه‌كه‌یان ڕازاوه‌ كرد. 
كۆلێجی زانستی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بینای سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌كانیدا كه‌ ساڵانه‌ ئه‌نجامیده‌دات فیستیڤاڵی نمایشكردنی به‌رهه‌می خوێندكارانی كۆلێجه‌كه‌یان له‌ پێشانگایه‌كدا خسته‌ڕوو. خوێندكاران پوخته‌ی داهێنانه‌ زانستیه‌كانیان بۆ ئاماده‌بوانی فیستیڤاڵ نمایش كرد و لای خۆیانه‌وه‌ به‌شداربوانی فیستیڤاڵه‌كه‌ وێرای پیرۆزباییان له‌ خوێندكاران به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ داهێنان و به‌رهه‌مه‌كانی خوێندكارانیان ده‌ڕوانی.
كۆلێجی زانسته‌مرۆڤایه‌تیه‌كانیش فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی كتێب خوێندنه‌وه‌ی له‌ كتێبخانه‌ی كۆلێج ئه‌نجامدا . كه‌ له‌ به‌ پێی پره‌نسیه‌كانی لیژنه‌ی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ چه‌ندین خوێندكار بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێب هه‌ڵبژێردرابوون و له‌ میهره‌جانێكدا تاوتوێ و گفتوگۆی كتێبه‌كان كرا، له‌ كۆتاییشدا خه‌ڵات به‌سه‌ر خوێندكاره‌ سه‌ركه‌وتوه‌كاندا دابه‌ش كرا.
هه‌رچی یانه‌ی سیاچه‌مانه‌ی هه‌ورامانه‌ به‌ نمایشی جل و به‌رگی ڕازاوه‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامان و كه‌له‌پوری ئه‌و ناوچه‌یه‌ و پیشاندانی كه‌ل و په‌ل و پێداویستیه‌كانی خه‌لكی هه‌ورامان و گروپی هه‌ڵپه‌ركێی هه‌ورامان به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندین تابلۆی هه‌ڵپه‌ركێی ناوچه‌ی هه‌ورامان فیستیڤاڵه‌كه‌یان ڕازاوه‌تر كرد. لای خۆشیانه‌وه‌ ده‌سته‌ی خانمانی هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رجه‌م كه‌ل و په‌لی ده‌ستكرد و دروستكراوی ده‌ستی خانمانی گروپه‌كه‌یان له‌ پێشانگایه‌كدا نمایش كرد بۆ فرۆشتنیان به‌مه‌به‌ستی ته‌رخانكردنی داهاتی ئه‌و پێداویستیانه‌ بۆ ڕێكخراوی چرۆ . هه‌ریه‌ك له‌ گرۆوپی فۆتۆگرافه‌رانی شاره‌زوور به‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی و گروپی ئه‌سپسواری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ چه‌نین نمایشی سه‌رنج ڕاكێشی ئه‌سپسواری به‌شداری فیستیڤاڵه‌كه‌یان كرد. له‌ دوانیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌ میللیه‌كانی سلێمانی دوو تابلۆی هه‌ڵپه‌ركێی فۆلكلۆریی كوردی زۆر ناوازه‌یان پێشكه‌ش كرد. و پاشان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی لاوی ناوچه‌ی هه‌ورامان (پێشڕه‌و هه‌ورامی و قاسم هه‌ورامی) چه‌ندین گۆرانی یان پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری به‌شداربوو كرد.
جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بووی فیستیڤاڵ خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ها فیستیڤاڵێكی گه‌وره‌ و هه‌مه‌ڕه‌نگ له‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ربڕی و سوپاسی زانكۆیان كرد كه‌ شان به‌شانی ئه‌نجامدان پرۆسه‌ی فێركردن و زانسخوازیی گرنگی به‌و جۆره‌ كارانه‌ ده‌دات و كه‌له‌پوور و هونه‌ر و وه‌رزش و زانست پێكه‌وه‌ ئاوێته‌ ده‌كات.

 

به‌روار : 2018-05-02 كات : بینراو : 1266

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it