وەفدێکى زانکۆى ئازادى کەرەج لە وڵاتی ئێران سەردانى زانکۆى هەڵەبجە دەکەن

بەمەبەستى هەماهەنگی نێوان هەردوو زانکۆ و ئاڵوگۆڕی ڕەشنووسی لێک تێگەیشتن ، وەفدێک لە زانکۆى ئازادى کەرەج سەردانى زانکۆى هەڵەبجە دەکەن.
ڕۆژى دوشەممە ڕێکەوتى ٢٠١٨/٨/٦ وەفدێکى باڵاى زانکۆى ئازادى ئیسلامى کەرەج  لە وڵاتى ئێرانەوە سەردانى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجەیان کرد.
وەفدەکە پێکهاتبوون هەریەک لە بەڕێزان لە هەریەک لە (د.رەزا جەمال پوور ڕاوێژکارى سەرۆکى زانکۆى ئازادى کەرەج ، دکتۆر محمد ڕەزا عەسکەرى سەرۆکى بۆردى زانکۆ ، دکتۆر حمید حشمدار ڕاوێژکارى کاروبارى نێودەوڵەتى زانکۆ بە یاوەری د. سەباح بەرزنجی) ، ولەلایەن هەریەک لە بەڕێزان (د.تحسین عبدالکریم زەنگنە) سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و بەشێک لە مامۆستا و بەڕێوەبەرانى یەکە کارگێڕیەکانى زانکۆوە بە گەرمى پێشوازى کران.

لە دیدارێکدا کە لە سەرۆکایەتى زانکۆ ئەنجامدرا چەندین پرسی گرنگى ئەکادیمی و زانستى تاوتوێکران: 
دەسپێکى دیدارەکە بەڕێز(د.تحسین عبدالکریم زەنگنە) سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بەناوى شارى هەڵەبجە و تەواوى زانکۆکانى کوردستان بەتایبەت زانکۆى هەڵەبجەوە بە گەرمى بەخیرهاتنى وەفدى میوانى کرد ، لەوتەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد کە هەر پرۆژەیەکى ئەکادیمی هەبێت بتوانێت خزمەت بە ڕەوشی زانست لە هەردو زانکۆدا بکات ئەوا دەرگاى زانکۆى هەڵەبجە کراوەیە و ئامادەى هەرچەشنە هەماهەنگیەکن . بەڕێزیان تیشکى خستە سەر ئەوەى کە زانکۆى هەڵەبجە یەکێکە لە زانکۆ نوێیەکانى کوردستان و عێراق بەو هۆیەوە زیاتر پێویستیان بە هاوکاری و بەدەمەوەهاتنى زانکۆکانى ئێرانە ، و بەگەرمى سوپاسی وەزارەتى خوێندنى باڵاى ئێرانى کرد کە لەماوەى ڕابردوودا بە تێڕوانێنێکى جیاواز هاوکاری و بەدەمەوەهاتنى هەبوە بۆ زانکۆى هەڵەبجە بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵادا و هیواشی خواست کە ئەو چەشنە هاوکاری و بەدەمەوەبونەیان بەردەوام بێت بەتایبەت لە بوارى خوێندنى بالا بۆ ئەو پسپۆڕیانەى کە زانکۆ پێویستى پێیانە. لە بەشێکى ترى وتەکانیدا بەڕێز سەرۆکى زانکۆ ، زانکۆى هەڵەبجەى لە ڕووى مێژووى دروست بون قۆناغەکانى فراوانبون و گەشەکردن و بەرەوپێش چوونەکانى بۆ وەفدى میوان ڕون کردەوە ، ئەوەشى خستە ڕوو کە جێگەى شانازیە بۆ هەڵەبجە کە هاوکار و هاوهەڵوێستى زانکۆیەکى ئاست بەرزى وەک زانکۆى ئازادى کەرەج بێت .
پاشان بەڕێز (د. عەسکەرى) بەناوى وەفدى میوانەوە سوپاسی گەرمى ئەو بەخێرهێنان و پێشوازیەى کرد و وتى کە جێگەى خۆشحاڵیە لە خزمەت کەسانى ئەکادیمى هەڵەبجەداین ، لە شارێکداین کە سیمبولى قوربانیدان و شارى شەهیدانە. ئەو ئاماژەى بەوە کرد کە ئەو وەفدە لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى زانکۆى ئازاد پێکهاتوون و دەیانەوێ کە ڕەشنووسی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆى هەڵەبجە ئەنجام بدەن. باسێکى لە پەیکەرى زانستى و کارگێری زانكۆی ئازادی كەرەج لەڕووى ژمارەى کۆلێج و بەش و ژمارەى مامۆستا و کارمەند و خوێندکارى بۆ ئامادەبوان کرد. وتیشی لە ئێراندا تەنها پێنج زانکۆ هەن کە پێیان دەوترێت(جامع) بەهۆى فراوانى و بونى سەرجەم پسپۆڕیەکان تیایاندا و زانکۆکەى ئەوان یەکێکە لەو زانکۆیانە.

 وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتى ئەنجام دەدرێت : 
دواتر بەڕێز (د. ڕەزا جەمالپوور) دواى سوپاسی بەخێرهێنان و پێشوازیان و خۆشحاڵى خۆى بۆ بەدەمەوەهاتنەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجە دەربڕی و بەو پێودانگەى کە خاوەن پسپۆڕین لە بوارى ئەندازیاریی بومەلەرزەزانیدا داواى لە زانکۆى هەڵەبجە کرد کە بەدەر لە هەماهەنگیەکانى دیکە لە بوارەکانى خوێندنى باڵا و کارگێرى و کاروبارى زانستى ،  پێکەوە کاربکەن بۆ کردنەوەى بەشێکى زانستى تایبەت بە ئەندازیاریی بومەلەرزە کە سەر بە کۆلێجى ئەندازیارى بێت . لاى خۆیەوە سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە خۆشحاڵى و ئامادەیی زانکۆى هەڵەبجەى دەربڕی و داواى کرد کە لە نزیکترین دەرفەتدا وەک دەسپێکێک بۆ ئەو پرۆژەیە وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتى لەبوارى بومەلەرزە لە زانکۆى هەڵەبجەدا ئەنجام بدات . و بڕیار وایە کە لە سەردانى داهاتوویاندا ئەنجامدانى وۆرکشۆپی نێودەوڵەتى بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ڕەشنووسی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا ، زانکۆى هەڵەبجە خوێندکاری ئێران وەردەگرێت: 
لە بەشێکى دیدارەکەدا وەفدى میوان ڕەشنوسی لێکتێگەشتن و کارى هاوبەشیان پێشکەش بە زانکۆى هەڵەبجە کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوان لە پەیوەندی بەستنیان هیچ چەشنە سنوور و بەربەستێکیان نیە. لەبەرامبەردا بەڕیز سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە خۆشحاڵی و ئامادەیی کارى هاوبەشیی لەگەڵیاندا دوپات کردەوە ، تیشکى خستە سەرئەوەى کە ئەوان لە زانکۆى هەڵەبجە ساڵانە ئامادەن ژمارەیەکى دیاری کراو لە خوێندکارانى وڵاتى ئێران لە سەرجەم بەشە زانستیەکانى زانکۆى هەڵەبجەدا وەربگرن و سەرجەم پێداویستیە سەرەکیەکانى وەک بەشەناوخۆیی و کرێی خوێندنیان بۆ دابین بکەن . هاوکات باسی لەوەش کرد کە دەرگاى زانکۆیان کراوەیە بە ڕووى ئەو مامۆستایانەى زانکۆکانى وڵاتى ئێران کە خاوەنى بڕوانامەى باڵان بیانەوێت لە زانکۆى هەڵەبجەدا وانە بڵێنەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا لۆگۆى زانکۆکانیان پێشکەشی یەکتر کرد.

زانکۆى ئازادى کەرەج یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرزەکانى وڵاتى ئێران کە لە ڕیزبەندى زانکۆکانى ئێران لەسەر ئاستى زانکۆ ئازادەکان پلەى دووەم و لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆکانى ئێران پلەى (٦٠) ەم و لەسەر ئاستى جیهان پلەى (٢٨٨٧) ى گرتوە ، وەفدى زانکۆى ناوبراو لە میانى سەردانێکیاندا بۆ کوردستان سەردانى چەند زانکۆیەک دەکەن وەک زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و هەڵەبجە و کۆمار  و چەند زانکۆیەکى دیکە و ڕەشنوسی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵدا واژۆ دەکەن .

به‌روار : 2018-08-06 كات : بینراو : 4141

© 2018 Halabja University, Created and Developed by kod4it